زەیتی زەیتوون باشـــــترین زەیــته کهزیانی بۆ تهندروستی نهبێت
تا ئێستا باشترین زەیت كە زیانی بۆ تەندروستی نەبێت، بەڵكو سوودی زۆری هەبێت بریتییە لە زەیتی زەیتوون كە بە زەیتی پلە یەك ناوزەد دەكرێت، چونكە سوودی تەندروستی زۆری هەیە و بەرانبەر بە پلەی گەرمی بەرز و دووبارە گەرمكردنەوە خۆڕاگرە. زەیتی زەیتوون چەورییە تاكە ناتێرەكانی تێدایە كە زۆر سوودبەخشە بۆ تەندروستی. هەروەها زەیتی زەیتوون گرنگە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەرەكان، نەخۆشی شەكرە، شێرپەنجەی قۆڵۆن، هەوكردنی جومگەكان. هەروەها زەیتی زەیتوون لە نەخۆشی..........
دڵ دەتپارێزێت. لە جیاتی كەرە و چەورییەكانی تر، بڕێك زەیتی زەیتوون بخەرە سەر خۆراكە جۆراوجۆرەكانەوە لەپاش لێنان و ئامادەكردنیان. بەكارهێنانی بڕێكی كەمی زەیتی زەیتوون رۆژانە، ئاستی كۆلیستیرۆلی گشتی بە رێژەی 13.4% دادەبەزێنێت و ئاستی كۆلیستیرۆلی خراپ بە رێژەی نزیكەی 18% كەم دەكاتەوە، بە كرداری ئۆكسان ئەم جۆرەی كۆلیستیرۆل بەرپرسە لە نیشتنی یان جێگیربوونی چەوری لەسەر ناوپۆشی خوێنبەرەكاندا. زەیتی زەیتوون جگە لە چەورییە تاكە ناتێرەكان و ڤیتامین E، گەلێك مادەی دژەئۆكسان لەخۆدەگرێت كە دڵ لە نەخۆشی دەپارێزن. زەیتی زەیتوون ئاستی شەكری خوێن دادەبەزێنێت و پێویستی لەش بە هۆرمۆنی ئه نسۆلین كەم دەكاتەوە، هەروەها پەستانی بەرزی خوێنیش دادەبەزێنێت. خواردنی نزیكەی 9 گرام زەیتی زەیتوون رۆژانە، ئافرەت دەپارێزێت لە تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك. زەیتی زەیتوون ئەگەر و نیشانەكانی رەبو و هەوكردنی رۆماتیزمی جومگەكان كەم دەكاتەوە، رێگرە لەبەردەم كەمبوونەوەی بارستایی ئێسكەكان(لاوازبوونی ئێسكەكان)، كۆئەندامی هەرس لە نەخۆشی دەپارێزێت بە تایبەتی شێرپەنجەی قۆڵۆن و كولبوونی گەدە و دوازدەگرێ كە پەیدادەبن بە هۆی بەكتریایەك بە ناوی هێلیكۆبەكتیر كە لەناو شانەكانی ناوپۆشی گەدەدا دەژیت و هەوكردنێكی درێژخایەن پەیدا دەكات و پاشان كولبوون پەیدا دەكات. پاش ئەو هەموو زانیارییانەی سەرەوە، ئەوەش لە بیر نەكەیت كە زیاد بەكارهێنانی چەوری و زەیتەكان و زەیتی زەیتوونیش لەوانەیە كە دوچاری زیادببوونی كێشی لەش یان دوچاری قەڵەویت بكات، چونكە یەك گرام زەیتی زەیتوون وەكو هەموو چەورییەكانی تر 9 كالۆری وزە بە لەش دەدات.
دواهەمین نوێکراوە (یەک شەممە, 28 فێبریوهری 2010 21:14)




